لەناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی روسیا باری نائاسایی راگەیەنرا

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1141 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا و بەئامانجگرتنی رێگاکانی گواستنەوە و دامەزراوە نەوتییەکان لەنیمچە دورگەی کریمیا، قەیرانی سوتەمەنی و پچڕانی تەزوی کارەبا  دروستبوەو بەهۆیەوە باری نائاسایی لەناوچەکە راگەیەنرا.

سێرگی ئەکسیۆنۆف، پارێزگاری کریمیا رایگەیاند: "بڕیاردرا باری نائاسایی لەسەر ئاستی کۆماری قرم و شاری سێباستۆپۆڵ رابگەیەنرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین بە زوترین کات کارەکانی هەموو کەرتە هەستیارەکان رێکبخەینەوە."

هاوکات، وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایکرد، تەنیا لە یەک شەودا 660 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی مۆسکۆ و کریمیا خستوەتە خوارەوە، ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ئامارەکانی هێرشی درۆنی لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە لە شوباتی 2022.

لەلایەکی دیکەوە،  ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەبارەی هێرشەکانەوە وتی: "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی روسیا ناچار بکەین جەنگ کۆتایی پێ بهێنێت و ئۆکرانیا خەریکە کریمیا لە دەستی روسیا دەردەهێنێت ".

رووسیا لە ساڵی 2014وە نیمچەدوورگەی کریمیا لکاندووە بە خاکی خۆیەوە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهان دان بەو هەنگاوەدا نانێن.