شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی
سکاڵایەکیان لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردوەو داوا دەکەن سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە کە لەدوای 10ى 7ى 2023وە دەرکراون،
چونکە لەوکاتەوە حکومەت کاربەڕێکەرە و تەنها دەسەڵاتی بڕیاردانی لەکاری رۆژانەی تایبەت بە هاوڵاتییان هەیە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی لە 10ی 7ی 2023وە حکومەتی
هەرێم بەشێوەی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەبردرێت، هەر بڕیارێکی دابێت لە دوای ئەو ماوەیەدا
دەبێت هەڵبوەشێتەوە .
ئەوەشیخستەڕوو، دەبێت بڕیاری زیادکردنی پارەی کارەبا
لەسەر هاوڵاتییان لەڕێی پرۆژەی ڕوناکی و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتییان
هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەو بڕیارانە لەو کاتەدا دراون کە حکومەت کاربەڕێکەر بوە.
لەبارەی ئامانجیان لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە، شاسوار
عەبدولواحید وتیشی،" دەمانەوێت حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هەڵبوەشێنینەوە
".