شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهو، ئاماژەی بە نائارامی و نیگەرانییە قووڵەکانی وڵاتەکەی کرد بەرانبەر ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی ئەمریکی بە تورکیا و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو ئەگەرە ئەمنییەکان ئامادە دەکات.
نەتانیاهو لە میانی مەراسیمی دەرچوونی خولی 192ی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلدا ڕایگەیاند کە شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە، چونکە هەندێک هاوپەیمانیی لەناو دەچن و هەندێکی تر سەر هەڵدەدەن، بۆیە پێویستە هەمیشە لە دوژمنەکانیان بەهێزتر بن و هەموو گۆڕانکارییەک لەبەرچاو بگرن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە مشتومڕێکی زۆر لەسەر ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ پێدانی ئەو فڕۆکە پێشکەوتووانە بە ئەنقەرە هەیە، کە ئیسرائیل بە توندی دژی دەوەستێتەوە لەبەر ترسی لەدەستدانی باڵادەستیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، نەتانیاهو پلانێکی نوێی ڕاگەیاند، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری بەرگریی بڕیاریان داوە 350 ملیار شیکڵی زیادە بۆ پشتیوانی پیشەسازیی سەربازیی نێوخۆیی تەرخان بکەن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کڕینی چەک لە دەرەوە.