شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل (کان)، هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی ئارەزووی بەشداریکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکەن، کە ئەمەش بە واتای گەڕانەوەی تەواوەتییە بۆ ناو شەڕ.
ئەم بەرپرسانە کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان بۆ بەشداریکردن لەو هێرشانەدا، ئەوەش دوای 2 ڕۆژ لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشبینی بەردەوامیی هێرشە بەرامبەرەکانی نێوان هەردوو لا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە کە وڵاتەکەی گرنگی بە بەشداریکردن لە هێرشەکانی داهاتوو و دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی شەڕ دەدات.
سەرچاوەکە پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەوان لە حاڵەتی پێویستدا ئامادەن دووبارە ئەو کارە بکەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە ئیسرائیل نایەوێت خەڵک ناچار ببنەوە بچنە ناو پەناگەکان، بەڵام ناتوانێت چاوپۆشی لە ڕووداوەکانی ئێران بکات و ئامادەن بۆ دانی ئەم باجە.
پێشتریش ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل کردبوو بۆ گەڕانەوە بۆ ناو شەڕ، دوای دروستبوونی گومان لەسەر توانای بەردەوامیی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران کە بڕیار بوو ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر.