شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەرێم ڕایگەیاند، پلەی گەرما لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوەو بۆ خۆپاراستنیش چەند رێنماییەکی بڵاوکردوەتەوەو دەشڵێت، كەمبونەوەی ئۆكسجین و خنكانی هەوا ڕودەدات.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی هەرێم ڕایگەیاند،"بەگوێرەی پێشبینییەکان، لەڕۆژانی داهاتودا پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی، لەگەڵ دەرکەوتنی هەوری کەڵەکەبوو (سحب رکامیە) کە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئۆکسجین و خنکانی کەشوهەوا لەزۆربەی ناوچەکاندا".
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی بۆ پاراستنی هاونیشتمانیان خستوتەڕوو:
- چەرخ و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزەو لەگەڵ گەرمادا زوو گڕ دەگرن لەئۆتۆمبێلدا نەبن.
- خواردنەوە گازییەکان و هاوشێوەکانیان لەئۆتۆمبێلدا نەبن.
- عەترو پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەگشتی لەئۆتۆمبێلدا نەبن.
- پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت بە بڕێکی کەم (سانتیمەترێک) بە کراوەیی بهێڵیتەوە.
- تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەت بە تەواوی پڕ مەکە (تێبینی: لە رووی زانستییەوە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان سیستەمی سەلامەتییان هەیە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر وا باشترە).
- لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەت بکە.
- تاوەکو پێدەکرێت لەکاتەکانی بەیانی و نیوەڕۆدا گەشت بەئۆتۆمبێل مەکە.
- تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت لە رادەی پێویست زیاتر با (هەوا)ی مەکە، بەتایبەت لەکاتی گەشتکردندا.
- ئاگاداری دوپشک و ماربن: بەهۆی گەرمای توندەوە لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و بۆ دۆزینەوەی شوێنی فێنک ڕودەکەنە کێڵگە، باخچە و ناو ماڵەکان.
- خواردنەوەی ئاو: بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر ئاو و شلەمەنییەکان بخۆنەوە.
- بوتڵی گاز: دڵنیابن لەوەی بتڵی گازی ماڵەوە لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نەبێت.
- پەستانی کارەبا: ئاگاداری لۆد و پەستانی سەر پێوەری کارەبا بن؛ ساردکەرەوەکان (سپلیت و مکەیف) تەنیا لەو ژوورانەدا داگیرسێنن کە خێزانەکەی لێیە، بەتایبەت لە کاتەکانی تینی گەرمادا.
- دورکەوتنەوە لەخۆر: بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆردا مەمێننەوە، بەتایبەت لە کاتژمێر 10ـی بەیانی بۆ 3ـی دوای نیوەڕۆ.
