شارپرێس:
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد کە هەواڵگریی ئیسرائیل زانیاریی هەستیاری داوەتە واشنتۆن دەربارەی پلانێکی نوێ و تایبەتی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
بەگوێرەی میدیا ئەمریكییەكان، ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا زانیاریی هەواڵگریی تایبەتی داوەتە ئەمریکا سەبارەت بەپلانێکی تاران بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە واشنتۆن بەردەوام چاودێریی هەڕەشەکانی ئێرانی کردوە، بەڵام ئاگادارکردنەوەکەی ئەمجارەی ئیسرائیل نوێ بوەو پەیوەندی بە پلانێکی دیاریکراوەوە هەبوە" . هاوکات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئاماژەی بەوە کردوە کە زانیارییەکان باس لەپلانێکی تازە دەکەن.
کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا بەفەرمی لێدوانی لەسەر ئەم راپۆرتانە نەداوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەکاتی گەڕانەوەی لەلوتکەی ناتۆ، لەناو فڕۆکەی "ئێرفۆرس وەن" بە رۆژنامەنووسانی وت،"ئەوان دەیانەوێت سەرۆکی ئەمریکا بکوژن، کە منم. من لەناو هەر لیستێکی ئەوان دام. ئەم بەیانییە بینیم کە ناوم لە نێو هەموو لیستەکانیاندایە."