دوو نێوەندگیر هەوڵی دوبارە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران دەدەن

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 339 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قەتەرو پاکستان بەڕاستەوخۆ و چەند وڵاتێکی دیکەش بەناڕاستەوخۆ هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکاو ئێران بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لەهەڵگیرسانی شەڕێکی هەمەلایەنە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی، قەتەر، پاکستان و چەند نێوەندگیرێکی دیکەی ناوچەیی، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییە نوێیەکانی نێوان واشنتن و تاران، هاوکات دەیانەوێت دانوستانەکانی تایبەت بەڕێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان هەردوو وڵاتدا زیندوو بکەنەوە.

ئاکسیۆس لەزاری دوو سەرچاوەی بەرپرسی وڵاتانی نێوەندگیرو بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرایکردوە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و پرسی ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو فەرمانی دوو زنجیرە هێرشیشی بۆ سەر ئێران دابوو، بەڵام لەئێستادا تەواوی سەرنجی ئەمریکا لەسەر دڵنیابونەوەیە لەکراوەیی گەروی هورمز.

ڕاپۆرتەکە لەکۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای توندبونی زمانی قسەکردنی نێوان هەردولا و ئەو لێدوانە توندانەی دەدرێن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هێشتا بەتوندی دەیەوێت خۆی لە گەڕانەوە بۆ شەڕێکی تەواو و هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران بەدور بگرێت.