شارپرێس:
سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) پێشبینی دەکات لەنیوەی دوەمی ساڵی 2026دا عێراق بوژانەوەیەکی خێرا بەخۆوە ببینێت.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو ڕاپۆرتی ئاسۆی ئابوریی جیهانی بڵاوکردەوەو ئاشكرایكرد، ئابوریی جیهان لەنێوان دوو تەوژمی پێچەوانەدایە، جەنگی ئێران و پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن لەلایەک و شۆڕشی ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی پارێزەر لەلایەکی دیکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراق یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە لەنیوەی دوەمی 2026دا گەورەترین بازدانی ئابوری تۆمار دەکات.
سندوقەکە پێشبینی دەکات گەشەی ئابوریی عێراق بۆ ئەم ساڵ بگاتە 5.8٪، ئەوەش دوای ئەوەی لەنیوەی یەکەمی ساڵدا بەهۆی جەنگی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز، گەشەکەی بۆ خوار 2٪ دابەزیبوو.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداریی دەداتە بەغدا کە ئەم بوژانەوەیە ناسکەو دەبێت حکومەت بەپەلە چاکسازیی دارایی بکات و پشتبەستن بەنەوت کەم بکاتەوە، چونکە ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕزگارتان بکات".
سەبارەت بەعێراق دەشڵێت، نەوت ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕزگارتان بکات؛ کاتەکە گونجاوە بۆ ئەوەی داهاتی ئەمساڵ ل بونیادنانەوەی پیشەسازی و کشتوکاڵدا خەرج بکەن، نەک تەنیا لەموچەدا."
ڕاپۆرتەکە باس لەدۆخی تاقەتپڕوکێنی ئابوریی ئێران دەکات. لە نیوەی یەکەمی 2026دا، ئابوریی ئەو وڵاتە 9.5٪ پاشەکشەی کردوە، کە ئەمە گەورەترین داکشانە لەدوای جەنگی عێراق -ئێران لەهەشتاکان دا.
سندوقەکە پێشبینی دەکات گەشەی ئابوریی جیهان بۆ ساڵی 2026 بگاتە 3٪. ئەمانە دیارترین خاڵە جیهانییەکانن:
ئەمریکا: گەشەی 2.3٪ تۆمار دەکات؛ سیاستە توندەکانی ئیدارەی ترەمپ پارێزگاریی لە پیشەسازیی ناوخۆیی کردووە، بەڵام تێچووی کاڵاکانی بۆ بەکارهێنەران گران کردووە.
چین: گەشەی 4.6٪ تۆمار دەکات، کە پشت بە هەناردەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەبەستێت.
ئەورووپا: خاوترین گەشە (1.1٪) تۆمار دەکات بەهۆی گرانیی تێچووی وزە. بەڵام بەریتانیا وەک "سوپڕایزێک" دەرکەوتووە و گەشەی 1٪ی بۆ پێشبینی کراوە، کە بەهۆی سەقامگیریی کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکان و کەمبونەوەی گوشاری هەڵاوسانەوەیە.
ئاسایشی دەریایی: ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و دەریای سور ئابورییان ناسک کردووە.
قەرزی گشتی: ئاستی قەرز لە جیهاندا گەیشتوەتە 93٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.
ڕاپۆرتەکە بەپەیامێکی هۆشداریدەر کۆتایی دێت،"جیهان لەقۆناغی وەرچەرخاندایە".
ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت، شۆڕشی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی، بەڵام بەردەوامیی جەنگ مەترسیی "پاشەکشەی گەورە" بۆ ساڵی 2027 دروست دەکات.
