بەرپرسیارێکی ئەمریکی وادەی پێشبینیکراو بۆ ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی ئاشتیی لەگەڵ ئێران ئاشکرادەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی هێشتا بەردەوامن.

 
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ لەسەر زاری ئەم بەرپرسە نەناسراوە، واشنتۆن پابەندە بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران، و گفتوگۆکانی ئێستاشی وەک دانوستانی تەکنیکی وەسف کرد کە ئامانجیان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لە دەوروبەری ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوودا.

ئەوەش هاتووە: هەردوو وڵات هەوڵی چارەسەرکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکان دەدەن، کە گرنگترینیان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە؛ ئەمریکا دەیەوێت پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی کاتیی ڕابگیرێت و تاران دەستبەرداری کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ببێت کە نزیکن لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

لەم نێوەندەدا، وڵاتانی وەک دۆحە و ئیسلام ئاباد و ناوبژیوانانی دیکەی ناوچەکە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی دانوستانەکان دەدەن.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی کارکردنی بە یاداشتی لێکتێگەیشتن و ئاگربەستەکە ڕاگرت و فەرمانی دوو خولی هێرشی ئاسمانیی دا، بەڵام بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ئەو زیاتر جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز دەکاتەوە و دەیەوێت خۆی لە شەڕێکی گشتگیر بەدوور بگرێت.

ناوبژیوانان پێیان وایە کە هەردوولا لە خولەکانی پێشوودا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە و نایانەوێت یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بڕوخێت.

هەروەک سەرچاوەیەکی ناوچەیی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران لە هورمز لەلایەن هێزێکی ناوخۆی ڕژێمەکەوە بووە کە دژی ڕێککەوتنن، هاوکات بەرپرسانی قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و سعودیەش پەیوەندیی چڕیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ئەنجام داوە.