دادوەری عێراق بەمەرجێك سوككردنی سزای گەندەڵكارانی ڕاگەیاند

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکراییکرد، تۆمەتبار عەدنان جومەیلی و ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا دەستبەسەرن، دەتوانن لە ڕێکارەکانی سوککردنی سزا سودمەند بن، بەمەرجێک بە شێوەیەکی ئارەزموەندانە ئەو پارانەی لایانە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بیگەڕێننەوە.


لەڕاگەینراوێکدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانەکانیان پێش کاراکردن و  جێبەجێکردنی "یاسای هەموارکردنی لێبووردنی گشتی" ئەنجام داوە.

هاوكات، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ڕێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەی سامانی گشتی و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە دادەنرێت.

دادگاكە ڕاشیگەیاندوە، هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی یاسای لێبوردنی گشتی لەعێراق، دەرفەت دەدات بەو کەسانەی لە دۆسیەی دارایی و ئیداری تێوەگلاون و بە مەرجی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان یان ئەو زیانانەی گەیاندوویانە بە سامانی گشتی، سزاکانیان بۆ سووک بکرێت یان لێبوردنەکە بیانگرێتەوە، بەڵام ئەم بڕیارانە تاوانەکانی تیرۆر و کوشتنی هاووڵاتیان ناگرێتەوە.