هەشت كەس بەتۆمەتی تیرۆركردنی ترەمپ دەستگیردەكرێن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستگیركردنی هەشت کەسی ڕاگەیاند کە پلانیان دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر چالاکییەکی وەرزشیی زۆرانبازی لەکۆشکی سپی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا میوانداریی کرد.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تاوانبارەکان کە تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 32 ساڵە، پلانیان دانابوو درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ هێرشکردنە سەر ئامادەبوانی گۆڕەپانی کۆشکی سپی بەکاربێنن؛ هەروەها پلانیان هەبوە لەکاتی دروستبوونی هەر پشێوییەکدا، نیشانەشکێنەکانیان "ئامانجە باڵاکان" و بەرپرسانی حکوومەت بپێکن.

هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، توانیویانە پێش دەستپێکردنی چالاکییەکە، کە لە 14ـی حوزەیرانی ڕابردوو بەناوی یو ئێف سی فریدم 250 بەڕێوەچوو، پلانەکە پووچەڵ بکەنەوە. ئەو چالاکییە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ و یەکەمین رۆژی ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا. چالاکییەکە بێ هیچ رووداوێک کۆتایی هات.

وەزارەتی داد ئاشکرایکرد کە ئەم هەشت کەسە لەدادگایەکی فیدراڵی لە شاری کۆڵۆمبس لە ویلایەتی ئۆهایۆ رووبەڕووی دوو تۆمەتی سەرەکی کرانەوە: پلانی پێشوەختە بۆ کوشتنی بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵی و دابینکردنی هاوکاریی ماددی بۆ تیرۆریستان.

داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردوە کە تاوانبارەکان خەڵکی ویلایەتە جیاوازەکانن و لە رێگەی چاتەوە پەیوەندییان بەیەکەوە کردووە تاوەکو پلانی هێرشەکە دابڕێژن و کەسانی دیکەش بۆ ناو گروپەکەیان رابکێشن.

هەشتەمین تاوانبار کە گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و ناوی چاندلەر سکاگسە، لەم هەفتەیەدا لە ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا دەستگیرکرا. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو کەسە وەک نیشانەشکێنی سەرەکی لە پلانەکەدا دیاریکرابوو.