شارپرێس:
لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق، ئەڵمانیا بڕیاریدا لەکۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتودا هێزەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە.
گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، هێزەكانی ئەڵمانیا، بڕیاری کشانەوەکەیان پێشکەش بەلیژنەی بەرگری لەپەرلەمانی وڵات کراوەو لەئێستاشدا نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لەو سەربازگەیەدا جێگیرن کە دەکەوێتە دەوروبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
هاوكات، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئاشکرایکردوە، ماوەیەکە بەنیازی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانیەتی لەناوچەکەدا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بەکاتی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە یان ژمارەی ئەو سەربازانەی دەکشێنەوە نەخستەڕوو.
دەشڵێت، ئێمە تەنیا ئامادەیی خۆمان کەمدەکەینەوە، بەڵام پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پاڵپشتی بەردەوام دەبێت، بەتایبەت ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بەهێزەکانی پێشمەرگە دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش تیمێک لەڕاوێژکارانی سەربازی لەناو باڵیۆزخانەکەماندا دەمێننەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە هێزەکانی ئەمریکاش تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەتەواوی لەعێراق بکشێنەوە کە ئێستا تەنیا لەهەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە.
