سعودییە پێشوازیی لەیەکەم گەشتی دەریایی هاورەگەزخوازەکان دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای ئەمریکی "ڤاکایا" (Vacaya)، کە تایبەتە بە گەشتە دەریایییەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە (هاورەگەزخوازەکان)، ڕایگەیاند کە لە بەهاری ساڵی 2027دا گەشتێکی بێپێشینە لە شاری جەددەی سعودیە بەرەو میسر ڕێکدەخات.

 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سعودیە هەوڵ دەدات پێگەی گەشتیاریی خۆی بەهێز بکات، سەرەڕای ئەوەی هاوڕەگەزخوازیی لەو وڵاتەدا بەپێی یاساکانی شەریعەت بە تاوان دادەنرێت.

ئەم گەشتە کە ناوی "شەوە عەرەبییەکان" (Arabian Nights Cruise)ی لێنراوە، لە 28ی مارسی 2027 دەست پێدەکات و 10 شەو دەخایەنێت. گەشتیاران لەسەر یەختێکی لوکس لە جەددەوە بەرەو عەین سوخنە لە میسر بەڕێ دەکەون و لە وێستگەکانی ئیسرائیل و ئوردنیش لادەدەن. نرخی کابینەکان بۆ دوو کەس لە نێوان 10,000 بۆ 28,750 دۆلاردایە.

ئەم گەشتە وەک بەشێک لە چاکسازییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین دەبینرێت، کە ئامانجی ئامادەکارییە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034.

کۆمپانیای ڤاکایا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە گۆڕانکارییەکی "بێدەنگ بەڵام سەرنجڕاکێشە" لە وڵاتێکدا کە پێشتر وێناکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە تێیدا ئەستەم بوو.

بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕەخنە دەگرن و پێیان وایە ئەم کرانەوەیە زیاتر بۆ گەشتیارە بیانییەکانە و بە هەمان شێوە مافەکان بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆی سعودیە فەراهەم نەکراوە.

تائێستا بەرپرسانی سعودیە بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم ڕاگەیاندنەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە نەداوە.