شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی حکومیی، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیومێنتەکان پەیوەست بە دۆسیەکانی گەندەڵی کە گومانی تێوەگلانی زیاتر لە 40 کەسایەتی سیاسی و حکومی دیاریان لێدەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییدان بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویستیان لەدژ بگیرێتەبەر.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە حکومەت بە تەواوی بەردەوامە لە هەنگاوە توندەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەوانەش ڕاوەدوونانی تۆمەتباران و ڕادەستکردنیان بە دادگا، لەگەڵ کارکردنی لێبڕاوانە بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی بەتاڵانبراو.
هەروەها وتوشیەتی هەر کەسێک تاوانەکەی لەبەردەم دادگادا بسەلمێنرێت بەپێی یاسا سزا دەدرێت و دادگاییکردنەکانیش بە شێوەیەکی تەواو ئاشکرا و لەبەردەم میدیاکاندا دەبن بۆ نیشاندانی شەفافیەت لە ڕێکارەکاندا.
هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوە حکومییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێکارە یاساییەکانی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان تەواو بوون کە وەزارەتەکانی تەندرووستی، نەوت و کارەبا دەگرێتەوە.
ئەوەش هاتووە: ئەم قۆناغە نوێیە بەدواداچوون بۆ پارە، خانوووبەرە و پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی بەرپرسان لە ئەمریکا، ئەوروپا و تورکیا دەگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئامادەکردنی لیستێکی نوێی ناوی تۆمەتباران و تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای "ئەمەت لەکوێ بوو" بۆ تەواوکردنی ڕێڕەوەی یاسایی و تەشریعی خۆی لە پەرلەماندا.