شارپرێس:
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق ئاشکرای کردووە کە بەهای پاکتاوکردنە سەرەتاییەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە سزادراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی دەگاتە نزیکەی 10 تریلیۆن دیناری عێراقی، ئەمەش لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکانەی لە پارەی گشتیی پەیدا کراون.
سەرچاوەکە جەختی کردۆتەوە کە ئەم پاکتاوکردنانە بە واتای لێخۆشبوون لە تۆمەتەکان نییە، بەڵکو سەلماندنی تاوانەکەیە و دەستبەرداربوونی مافی گشتیی تێدا نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لیستێکی نوێ کە 40 کەسایەتیی تۆمەتبار بە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیی لەخۆدەگرێت ئامادە کراوە، کە چوار پەرلەمانتار و بریکارانی پێشوو و ئێستای وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی و خاوەن کۆمپانیاکانی تێدایە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو هەنگاوە لەپێناو ئەوەیە بخرێتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگیی و هێزە سیاسییەکانی تر بە مەبەستی لادانی پارێزبەندیی سیاسیی لێیان و دەرکردنی فەرمانی گرتنیان لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی کە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران سەرکردایەتی دەکات.
ئاشکراشی کردووە کە دانیپێدانانی تۆمەتباران و دادگاییکردنیان لەبەردەم رای گشتیی بڵاودەکرێتەوە بۆ ڕێگری لە هەر شێواندنێک، ئەمەش بەپێی پێشنیازی سەرکردەیەکی سیاسیی کاریگەر کە کۆدەنگی لەسەرە.
جەختیشی کردۆتەوە کە بڕی 10 تریلیۆن دینارەکەش بەسە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە بۆ زیاتر لە 5 مانگ.