موجتەبا خامنەیی جارێكی دیكە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەپەیامێکدا ڕایدەگەیەنێت، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن واشنتۆنەوە، جارێکی دیکە بێبایەخیی واژۆی سەرۆکی ئەمریکای بۆ هەموان سەلماندو هۆشداری دەدات و دەڵێت، گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە وانەی لەبیرنەکراو بە ئەمریکا دەدەن.


موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران لەنوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند،"پێشێلکردنی متمانەو بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکا، نیشانەی ئەوەیە کە زۆرداری، پاوانخوازی و شەڕانگێزی بەشێکی دانەبڕاون لەشێواز و ڕەفتاری ئەمریکا"، هەروەها وتیشی، گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە وانەی لەبیرنەکراو بە ئەمریکا دەدەن، وەک چۆن لەم رۆژانەدا بوێریی جەنگاوەرانی ئیسلام و غیرەتی خەڵکی ئازای باشور نمونەی ئەو وانانەیان نیشان دا.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خامنەیی جەختی لەپرسی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوەو ڕایگەیاند، یەکگرتویی لەهەموو ئاستەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش و دابینکردنی سەربەخۆیی ئێران لەبەرامبەر ئەمریکا، ئەرکێکی پیرۆزو حەتمییە، ئاماژەی بەوەشکرد، متمانەکردن بەبەرپرسانی دڵسۆز لەهەرسێ دەسەڵاتەکە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران مسۆگەر دەکات.

سەبارەت بەڕەخنەگرتن لەدەسەڵات، رێبەری ئێران وتی،"رەنگە کەسانێک لەسەر بنەمای دڵسۆزی رەخنەیان لە کارکردنی هەندێک بەرپرس هەبێت، بەڵام پێویستە ئەم رەخنانە نەبنە هۆی نادادپەروەری بەرامبەر کەسانی بێتاوان و نابێت یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی تێک بدەن." جەختیشی کردەوە، نابێت هیچ نیشانەیەکی لاوازی لەلایەن گەلی ئێرانەوە بگاتە دەست دوژمن.

خامنەیی ستایشی رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و بە ساتێکی مێژوویی وەسفی کرد، کە تیایدا دەیان ملیۆن کەس لە تاران، قوم، مەشهەد و شارەکانی دیکە بەشدارییان تێدا کرد و بووە هۆی سەرسوڕمانی جیهان و تووڕەیی و ترس لای دوژمنان.

لەکۆتاییدا، رێبەری ئێران سوپاسی مەرجەعەکانی تەقلید، زانایان، نوخبەکان و تەواوی هێزە چەکدارەکان و نوێنەرانی بەرەی مقاوەمەی کرد بۆ بەشدارییان لەم ساتە مێژوویی و گرنگە و هیوای خواست ئەم یەکڕیزییە ببێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتر بۆ وڵات.