ئەمریكا كوژرانی دوو سەربازی وڵاتەكەی ڕاگەیاند

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لەئەنجامی هێرشەکانی ئێران 2 سەربازیان کوژراون.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەییەکە، لەڕۆژی 17ی تەموزداو لەکاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە، 2 کارمەندی سەربازیی ئەمریکی لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا لەئوردن کوژراون، هەروەها گەڕان بەدوای 1 سەربازی دیکەدا بەردەوامە کە تا ئێستا لەڕیزی بێسەروشوێنبوواندایە.

لەبارەی بریندارەکانیشەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردوە کە 4 سەرباز بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئوردن و دوای باشبوونی باری تەندروستییان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی دیکە کە برینەکانیان سووک بووە، دوای پشکنینی پێویست گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، لەبەر رێزگرتن لەتایبەتمەندی و باری دەرونیی خێزانی سەربازەکان، ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا ناکەن تاوەکو 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کەسوکاریان تێنەپەڕێت.