شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە لەسەر هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لەسنووری سلێمانی ڕایگەیاند، هەر هێرشێک ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدات سەرکۆنەی دەکەن و قبوڵكراو نییە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاند، بەغەمگینییەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی 9 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانمان لەشاری سلێمانی بیست، کە لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا و لەئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی ئێراندا شەهید بون.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پرسەو سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و سەرکردایەتیی کۆمەڵەو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردوەو جەختی کردوەتەوە دژی هەر هەوڵێکن بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەهێرشە موشەكییەكانی ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێم، 9 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوەو دوو پێشمەرگەی دیکەش بەسەختی بریندار بون.