وەزارەتی دارایی دابەشکردنی موچەی بەشێکی دیکەی فەرمانبەرانی راگەیاند

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی و ئابوری وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست ڕادەگەیەنێت.


وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ڕۆژی یەکشەممە 26ی تەمموز دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێت".

ئەوەشیخستەڕوو، لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت، کە لە دوای 1ى 7ى 2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت.

لەبارەی موچەی مانگی حەوتیش، رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لیستی موچەی مانگی تەمموز و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، بەڵام تاکو ئێستا پارەی موچەی ئەو مانگە خەرج نەکراوە.