شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، بۆ یەكەمجار گەنجێكی کورد بەپلەی یەكەم كۆلێژی دەریاریی تەواو كردو بوە ئەفسەر لەهێزی دەریایی عێراق.
وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، لەدەستکەوتێکی ئەکادیمی و سەربازیی بێ وێنەدا، ئەحمەد عەبدولباست ئیسماعیل توانی بەسەرکەوتویی خوێندن لەکۆلێژی دەریایی (الكلیە البحریە) لەشاری بەسڕە تەواو بکات و وەک یەکەم قوتابی کورد لەم کۆلێژەدا بڕوانامە بەدەستبهێنێت و بەفەرمی ببێتە ئەفسەر لەڕێزەکانی هێزی دەریایی عێراقدا.
وەزارەتەكە دەشڵێت، ملازم ئەحمەد عەبدولباست لەماوەی خوێندنەکەیدا وەک یەکێک لەقوتابییە دیارو یەکەمەکانی خولەکە دەستنیشان کراوەو توانویەتی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەسەرکەوتویی بەدەستبهێنێت، کە لەئەندازیاریی میکانیک و بەکالۆریۆس لەزانستە سەربازییەکان.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، دوای چوار ساڵ لەکۆششی بەردەوام، خوێندنی ئەکادیمی چڕو ڕاهێنانی سەپێنراوی سەربازیی سەخت، ئەحمەد عەبدولباست بەفەرمی پلەی (ملازمی ئەندازیاری) لەڕێزەکانی سوپای عێراقدا پێبەخشراو بەفەرمی وەک ملازمی ئەندازیاری دەریایی لەهێزی دەریایی سوپای عێراق دەست بەکاربوو.
كۆلێجی سەربازیی دەریایی لەشاری بەسرایەو ئەو تاكە كوردێك بوو لەوێ دەیخوێند.