شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ دوشەممە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لەهەولێر لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 27-7-2026، وەک قۆناغێکی تاقیکردنەوە (تێست)، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەستپێدەکات.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، لەمیانی ئەم قۆناغە تاقیکارییەدا، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر بەنزین دابەش دەکرێت. بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لەهاوڵاتیان دەکات کە بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە بەنزینە، دەبێت کارتی ئەلیکترۆنیی سوتەمەنی لەگەڵ خۆیان بهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان ئاماژەی بەوەش کردوە کە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەم تاقیکردنەوەیەدا، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە.