عێراق بەیاسا ڕێگری لەگەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەكات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیای فەرمی حکومەتی عێراق ئاشكرایكرد،  پەرلەمانی عێراق ستراتیژییەکی نوێ دەگرێتەبەر کە تەنیا سزادانی دوای گەندەڵی نییە، بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکات یاسایەک دەربکات پێشوەختە ڕێگری لەگەندەڵی بگرێت.


باسم خوزەیر غەرابی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم یاسایە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێکی چاودێری سەربەخۆیە بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییە کارگێڕییەکان پێش ئەوەی گەندەڵی ڕوبدات.

وتیشی،" ئەم یاسایە هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و دەسەڵاتی دادوەری دروست دەکات".

لەلایەکی دیکەوە، سۆزان سەعد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەم یاسایە دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان، چونکە متمانەی هاوڵاتی و وەبەرهێنەر بەدامەزراوە فەرمییەکان زیاد دەکات و ڕێگری لەبەهەدەردانی سامانی وڵات دەکرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەفەرمی حکومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، کۆی گشتی ئەو پارانەی تا ئێستا لەدۆسیەی جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە پێکهاتوە لەزیاتر لە 150 ملیار دیناری عێراقی و زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، جگە لەپارەی نەختینە، بڕی زیاتر لە 380 کیلۆگرام زێڕو کەرەستەی ڕازاوەی گرانبەها.