شارپرێس:
لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق زانیارییه‌كى نوێ له‌باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى یاساى خانه‌نشینى سه‌ربازیى ئاشكراده‌كات، ئه‌ندامێكى لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌رچى له‌نێوان ته‌مه‌نى 40 بۆ 45 ساڵ هێشتا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌ك له‌یاساكه كراوه كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیى سه‌رجه‌م هێزه‌كاندایه".
عەلی ئەنهێر سەرای ئه‌ندامى لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، لەگەڵ وەزارەتی بەرگریدا تیمی کارکردنی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەیاسای خزمەت‌و خانەنشینی سەربازیی كه تێیدا چەندین مەرج‌و پێشنیازی نوێ تایبەت بەتەمەنی خانەنشینی، مافی گرێبەستەکان‌و خێزانی شەهیدان‌و برینداران دیاریکراون.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕایگەیاندوه، به‌گوێره‌ى گۆڕانکارییە نوێیەکان دەبێت خزمەتی ڕاستەقینە بۆ خانەنشینبون بگاتە 15 ساڵ، هەروەها دوو پێشنیاز بۆ تەمەنی خانەنشینی خراونەتەڕوو کە ئەوانیش تەمەنی (40 یان 45) ساڵییە، به‌ڵام تائێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شى وت، "به‌گوێره‌ى یاساکە ئەگەر کارمەندێک 15 ساڵ خزمەتی تەواو کردبێت، بەڵام ته‌مه‌نى نەگەیشتبێتە 40 یان 45 ساڵی، ئەوا موچەی خانەنشینی وەرناگرێت تائەوکاتەی دەگاتە ئەو تەمەنە دیاریکراوە".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه، "ماوەی خزمەتی 15 ساڵەکە، ده‌بێت سەرجەم خولەکانی ڕاهێنان بگرێته‌وه، واته هه‌موو خولانه‌ى بینیبێت كه پێویسته، ئینجا وەک خزمەتی ڕاستەقینە هەژمار دەکرێت".
سەبارەت بەدۆسیەی گرێبەستەکان‌و مافی شەهیدان، سەرای وتى، "هەوڵ هەیە بۆ یەکسانکردنی مافی کارمەندانی گرێبەستی وەزارەتی بەرگریی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا بۆ پاراستنی شایستەکانیان، هەروەها بڕیاردراوە هەر کارمەندێک لەکاتی چون بۆسەر کار یان گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە توشی ڕوداو ببێت‌و گیان له‌ده‌ستبدات، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ پلەی (شەهید)ی پێدەدرێت هاوشێوەی شەهیدانی بەرەکانی جەنگ".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "گۆڕانکارییەکان، هێنانەدی مافی تەواوی شەهید بۆ ئەوکەسانەش دەگرێتەوە کە لەناو سەربازگەکاندا بەهۆی نەخۆشییە سەختەکان یان کاریگەریی پیشه‌كه‌ى گیان لەدەستدەدەن، هاوکات پێنج نمرەی پێشبڕکێش وەک ئیمتیاز دەدرێتە منداڵانی شەهیدان بۆ وەرگرتن لەزانکۆ حکومی‌و تایبەتەکاندا".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه پێشتریش مازن غەریب په‌رله‌مانتارى عێراق‌و ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی له‌په‌رله‌مان ڕایگه‌یاندبوو، "ڕەشنوسە نوێیەکە دەرگایەکی گەورە بەڕوی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەدا دەکاتەوە کە ئارەزوی خانەنشینی پێشوەختە دەکەن؛ تەمەنی خانەنشینیش ئارەزومەندانە لە 45 ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ 40 ساڵ، بەو مەرجەی ماوەی خزمەتی ڕاستەقینەی کارمەندەکە لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت".
به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده له‌به‌غدا، "لەڕەهەندە داراییەکەشدا، یاساکە بڕیاریداوە بەزیادکردنی دەرماڵەی خۆراک‌و بژێوی‌و لکاندنی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر موچەی بنەڕەتیی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی موچەی هێزەکانی ناوخۆ لەکاتی خزمەت‌و دوای خانەنشینبونیشدا".
