شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی حکوومیی، وابڕیارە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە لەدوای سەردانەکەی بۆ وڵاتی تورکیا، سەردانێکی فەرمیی سەردانی شانشینی سعوودییە بکات.
بەوتەی ئەو سەرچاوە حکومییە، سەردانەکە گفتوگۆی دووقۆڵی و واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە کەرتە جیاوازەکاندا لەخۆدەگرێت، هەروەک هەردوولا جەخت لە هەماهەنگیی ئەمنیی، هاوئاهەنگیکردنی هەڵوێستەکان بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و تاووتوێکردنی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریی سەرانسەری ناوچەکە دەکەنەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە بڕیارە سبەی سێشەممە زەیدی سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی هاوکاریی لە بوارەکانی ئەمنیی، ئابووریی، وەبەرهێنان، نەوت، وزە و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، جگه لە تاووتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی.
ئەوەش لەکاتێکدا، زەیدی پێشتر لە 14ی تەمووزی ئەم مانگەدا سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردبوو، دواتریش لە 24ی هەمان مانگدا سەردانێکی فەرمیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدا، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵ و جووڵە دیپلۆماسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییە بەردەوامەکانی عێراق لەم ماوەیەی دواییدا.