شارپرێس:
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەنگۆی نیشتنەوەی سێ فڕۆکەی ئەمریکی لەبنکەی عەین ئەسەد ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت، هیچ ئۆپەراسیۆنێك ئەنجامنەدراوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەنیشتنەوەی سێ فڕۆکەی ئەمریکی لەبنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەن.
هاوکات ئەو هەواڵانەشی بەبێبنەما ناوبرد کە گوایە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لێدانی سیستەمی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گروپە چەکدارەکان بەوردبینییەکی زۆرەوە لەناوچە سنورییەکانی ئەنبارو باشور لەبیابانی نوخەیب ئەنجام داوە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، هۆشدارییدا لەبڵاوکردنەوەی هەواڵی بێبنەما کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئارامیی گشتی.
داواشی لەمیدیاکان و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کرد ورد بن، تەنیا زانیارییە باوەڕپێکراوەکان بڵاو بکەنەوەو نەکەونە دوای پڕوپاگەندەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و بنکە سەربازییەکان لەهەموو ناوچەکان تەنیا لەئەستۆی هێزە نیشتمانییەکاندایە.
بنکەی عەین ئەسەد لەمانگی کانونی دوەمی ساڵی 2026ـەوە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی سوپای عێراقدایەو ئەمركیا بەتەواوی كشاوەتەوە.
