شارپرێس:
کەناڵی CNNی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە ئەفسەرێکی باڵای فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاوە (سێنتکۆم) لەڕێگای ئیمەیڵێکەوە داواکارییەکی ئاڕاستەی گروپێکی فراوانی شیکەرەوان کردووە بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە بۆ سزادان و دروستکردنی گوشار لەسەر ئێران.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم هەنگاوە کە وەک جۆرێک لە وەرگرتنی ڕاوێژی بەکۆمەڵ دەردەکەوێت، لەناو دامەزراوە سەربازییەکاندا دەگمەنە و ئاماژەیە بۆ سنوورداریی ئەو بژاردانەی لەبەردەم پڕۆسەی بڕیاردانی واشنتۆنداهەن بۆ ناچارکردنی تاران بە ئیمزا کردنی ڕێککەوتنێک بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا.
کاپتن تیمۆسی هۆکینز، وتەبێژی سێنتکۆم ڕایگەیاند کە فەرماندەییەکەیان مێژوویەکی درێژی لە بیرکردنەوەی نوێدا هەیە و ئەدمیراڵ براد کوپەر لەگەڵ تەواوی ئەندامانی تیمەکەیدا پەیوەندیی دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی کارکردن.
هەروەک سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەوڵانەی سێنتکۆم بۆ پێداچوونەوەی ستراتیژییەکە لەکاتێکدا بووە کە هەڕەشەکانی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ پاشەکشەی تێداکراوە، ئەوەش دوای دەستوەردانی بەرپرسانی ناوچەکە و بەتایبەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شازادە محەمەد بن سەلمان، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە.