شارپرێس:
قائیمقامیەتی قەزای رانیە رایگەیاند، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری حکومی دابینکراوەو بەپێی پسوڵە دەبێت، کە ڕۆژانە بە سیستەمی (تاک و جوت) دابەشدەکرێت .
قائیمقامیەتی قەزای رانیە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی
بەوەکردوە،" ئاگاداری
هاوڵاتیان دەکەینەوە کە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری حکومی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی
نەوت و کانزاکانی ڕاپەرین دابینکراوە بەپێی پسوڵە دەبێت، کە ڕۆژانە لەلایەن لێژنەی سوتەمەنی قائمقامیەتی
قەزای ڕانیە بەسیستەمی (تاک و جوت) دابەشدەکرێت و تەنها بڕی 40 لتر دەدرێت بەهەر ئۆتۆمبێلێک ".
ئەوەشیخستەڕوو، پسوڵە
تەنها دەدرێت بە دوو ڕیزی یەکەمی بەردەم دەرگای بەنزینخانە، بەم دوو ڕیزە بەردەوام
دەبێت تا کۆتای پسولەکان دەگاتە دەستی شۆفێران و تاکو سەرجەم بڕی بەنزینەکە تەواو دەبێت.
قائیمقامیەتی قەزای رانیە دەشڵێت،" هیچ ئۆتۆمبێلێک دوو پسوڵەی لێ وەرناگیرێت
و ڕۆژی هەینی بەنزینمان نابێت ".
رونیشیکردەوە، کۆتا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل تاکو و جوت دیاری دەکات، بەشێوەیەک ڕۆژە جوتەکان لەرۆژانی ( شەممە ، دوشەممە ، چوارشەممە) دەبێت، ڕۆژە تاکەکانیش (یەکشەممە، سێشەممە، پێنجشەممە) دەبێت.