نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لەئێران دەکات کۆتایی بە لەسێدارەدانی کورد و بەلوچ بهێنن

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و بە تایبەت کورد و بەلوچەکان بهێنن.


شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەڕاگەیەنراوێکدا رایدەگەیەنن،" ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبونی بەرچاوی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردن بەبیانوی سیاسی و بە تۆمەتی ناڕون دەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی لەکەمایەتییە نەتەوەییەکانن ".

شارەزایان دەشڵێن،" کەمایەتییەکان، بەتایبەتی کوردانی سوننە و یارسانەکان لە لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا کراونەتە ئامانج و بەردەوامن، لەگەڵ گێڕانەوەیەک کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وێنایان دەکات ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" بەئامانجکردنی کەمایەتییە کورد و بەلوچەکان تەنیا لەسنورەکانی ئێراندا سنوردار نییە، بەڵکو هەڵمەتی تۆقاندن و چاودێریکردنی خەڵکی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتیش لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش نمونەی سەرکوتکردنی نێودەوڵەتییە ".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، تەنها لە ساڵی 2026دا لانیکەم 24 کەسی بەلوچ و 22 کەسی کورد لەسێدارەدراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.