میدیای ئیسرائیل: ئەمریکا و ئێران نزیکن لەڕێککەوتن.. تەلئەبیب دەبێت بەتەنیا روبەڕوی تاران ببێتەوە

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، خەمڵاندنەکانی دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەدایە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران.

کەناڵەکە لەسەر زاری لیوا عوزی دیان، جێگری پێشوتری سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ترەمپ بەرەو ڕێککەوتن دەچێت لەگەڵ ئێران و پێویستە ئیسرائیل ئازادی کردەوەکانی خۆی بپارێزێت.

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە، ئیسرائیل و ئەمریکا هاوڕان لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان و پاراستنی ئاسایش، بەڵام جیاوازن لەسەر بنەمای بنەڕەتی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکە، چونکە ئیسرائیل هیچی لەبەردەمدا نییە جگە لە کۆنترۆڵکردنی ئێران بە دەستی خۆی.

بە وتەی ئەو، ئەمریکا هەوڵی بەچۆکدادانی ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕکارانە و هەمیشە ڕێککەوتنی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی پێباشترە لە کردنی جەنگێکی ڕەوا.

ناوبراو ڕوونیکردۆتەوە کە ترەمپ لەوە تێنەگەیشتووە و پشتگوێی دەخات کە ئێرانی ئەتۆمی مەترسییە بۆ سەر ئاشتیی جیهان و تەنها کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئیسرائیل نییە.

هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێرانییەکان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی ڕژێمەکەیان، چونکە ناڕەزایەتییەکان نەبوونەتە هۆی ڕووخاندنی، ئەمریکاش ڕێگەیەکی بۆ دروستکردنی ڕێککەوتن بۆ هێشتوونەتەوە کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نییە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بە گرنگی کات کردووە کە ئێران بۆ مانەوە کەڵکی لێ وەردەگرێت، جەختیشی کردەوە ئیسرائیل پێویستی بە بەرگرییەکی بەهێز و بەردەوامی هێرشەکان لە لەبنان و غەززە هەیە، و پێویستە ئامادە بێت بۆ لێدانی ئێران تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش بەشداریی تێدا نەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی