بۆ چارەسەری قەیرانی موچە پێشنیاری دەرکردنی دیناری دیجیتاڵیی دەکرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعد ئەلعەوادی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی "نەهجی وەتەنی" لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خستەڕوو، کە بریتییە لە بەکارهێنانی "دیناری دیجیتاڵی" وەک جێگرەوەیەک بۆ دراوی کاغەز.

بەپێی بەیاننامەیەکی عەوادی، ئەم دەستپێشخەرییە ئابورییە ڕێگە دەدات موچەکان وەک دراوێکی دیجیتاڵیی کۆدکراو و پارێزراو بخرێنە ناو جزدانە داراییە نیشتمانییەکانەوە، ئەمەش دەرفەت بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێنێت کە دەستبەجێ بۆ کڕینی پێداویستییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاری بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بێت چاوەڕێی دابینکردنی پارەی "کاش" و قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان بن.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردۆتەوە کە قەیرانی ئێستای نەختینە لە عێراقدا بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە کۆکردنەوە و شاردنەوەی بڕێکی زۆری پارەی کاغەز لە دەرەوەی سیستەمی بانکییەوە هەیە بە ڕێژەیەکی پێوانەیی.

دەشڵێت: جێبەجێکردنی دیناری دیجیتاڵیی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پشتگیری بکرێت، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردن و گواستنەوەی پارە، هەروەها پارێزگاری لە هێزی کڕینی هاووڵاتییان دەکات و عێراق لە سیاسەتی قەرزی ناوخۆیی دوور دەخاتەوە.

عەوادی داوای لە حکومەت و بانکی ناوەندیی و لیژنە پەرلەمانییەکان کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، بەتایبەت کە عێراق هێشتا خاوەنی سەکۆیەکی فەرمی نییە و دراوە دیجیتاڵییە جیهانییەکانی وەک "بیتکۆین"یش بە فەرمی مامەڵەیان پێوە ناکرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی