شارپرێس:
کۆبونەوەی نێوان
سەرۆکی پەرلەمانی عێراقو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبەغدا، لەکەشێکی تەواو ئاڵۆزو
پڕ لەگرژیدا بەڕێوەچوەو چەندین مەلەفی هەستیار بونەتە هۆی دروستبونی دەماقڵێیهكى
زۆر توند لەنێوانیاندا.
بهگوێرهى ئەو
زانیارییانەی کەناڵی (ئەلحوڕە) ئاشكرایكردوه لهزارى ئهوکەسانەی لەناو کۆبونەوەکەدا
ئامادەبون، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕاشکاوی ڕوبەڕوی محەمەد باقر
قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوەتەوە.
حەلبوسی لەقالیبافی
پرسیوە، "ئایا ئێران قبوڵی دەکات عێراق گروپێکی چەکدار لەناوخاکی ئێراندا
دروستبکاتو پاڵپشتییان بکات؟"
قالیباف لەوەڵامدا
وتویەتی، "بێگومان نەخێر، ئێمە پاڵپشتی بڕیاری دەوڵەتی عێراق دەکەین".
حەلبوسی وەڵامیداوەتەوەو
ڕایگهیاندوه، "کەواتە دەبێت کۆتایی بەهەر شتێک بهێنن کە پێچەوانەی ئاڕاستەی
دەوڵەتی عێراق بێت".
ئەم گفتوگۆیە
لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق 30ی ئەیلولی ئهمساڵى (مانگى داهاتو)ى وەک دواوادە بۆ
کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دیاریکردوە، زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، قالیباف
هەوڵیداوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی قایلبکات کە چەکەکانیان تەسلیم نەکەن، یان
لای حەشدی شەعبی بیهێڵنەوە، نەک تەسلیمی حکومەتی بکەن.
لەکاتی
باسکردنی هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی گەروی هورمزەوە، قالیباف دەستەواژەی
"کەنداوی فارسی" بەکارهێناوە، بەڵام حەلبوسی دەستبەجێ ناڕەزایەتی دەربڕیوەو
وتویەتی، "شتێک بەو ناوەوە بونی نییە".
حەلبوسی گلەیی
ئەوەیکردوە، بۆچی ئێران ڕێگریی لەو کەشتیانه دهكات كه نهوتى عێراق دهگوازنهوهو
ڕێگهیان پێنادات لەهورمز تێپەڕبن، داواشیکردوە عێراق بهدهر بكرێت لهههر فشارێك،
بەڵام قالیباف ڕەتیکردوەتەوەو وتویەتی، "بارودۆخەکە ڕێگە بەهیچ بهدهربونێك
نادات"، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ عێراق دروستکردوە، چونکە هەناردەی نەوتی عێراق
لە4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیل پاشەکشەیکردوە.
بهگوێرهى سەرچاوەکانى
كهناڵهكه، حەلبوسی بابەتێکی هەستیاری دیکەی وروژاندوە، ئەویش دەستوەردانی باڵیۆزی
ئێرانە لەبەغدا لەدۆسیەکانی "بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی"و بەرگریکردن لەوکەسانەی
تۆمەتبارن بەگەندەڵی، بەڵام قالیباف هیچ وەڵامێکی ئەمەی نەداوەتەوە.
دوای کۆبونەوەکە،
گرژییەکە گەیشتە پلاتفۆرمی ئێكس، قالیباف وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لەپشتییەوە نەخشەیەک
بوو تێیدا نوسرابوو "کەنداوی فارس"، لەبەرامبەردا، حەلبوسی وێنەیەکی
هاوشێوەی بڵاوکردەوە کە لەسەر نەخشەکە نوسرابوو "کەنداوی عەرەبی"، پۆستەکەی
حەلبوسی زیاتر لە1.9 ملیۆن بینەری هەبوو، لەکاتێکدا ئهوهى قالیباف تەنها 600 هەزار
کەس بینییان.
سەرەڕای ئەم هەموو
گرژییە، بەیاننامە فەرمییەکەی پەرلەمانی عێراق هیچ ئاماژەیەکی بەو دەماقڵێو ناکۆکییانە
نەکردوەو تەنها باسی لەپەیوەندی دۆستانەو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان کردوە،
ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لایەنەکان نەیانویستوە قوڵایی ناکۆکییەکان بۆ ڕای گشتیی
ئاشکرابکەن.
