شارپرێس:
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوهتەوە، تاران مۆڵەتی تایبەتیی بەبەشێک لەکەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بەخشیوە بۆ تێپەڕبون لەگەروی هورمز.
باس لەوەشکراوە، ئەم هەنگاوە لەوەڵامی داواکارییە بەردەوامەکانی بەغدایە کە هەوڵی شکاندنی چەقبەستویی هەناردەی نەوتو کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییە خراپەکانی ڕاگرتنی جوڵەی کەشتیوانیی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا دەدات.
ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا"ی ئێرانی ئاشکرایکردوە، پێدانی ئەم مۆڵەتە یەکێکبوە لەداواکارییە سەرەکییەکانی بەغدا لەکاتی سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق، لەچوارچێوەی دانوستانەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەربارەی دۆسیە ئابوریی، ئاسایشو سیاسییەکان.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوەهات، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لەئێران کردبوو جیاکارییەک بۆ وڵاتەکەی بکات سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت لەڕێگهی گەروی هورمزەوە، بەمەبەستی زامنکردنی بەردەوامی هەناردەکردن.
ڕاپۆرتە عێراقییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هەناردەی نەوتی وڵاتەکە دابەزیوە بۆ نزیکەی 526 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش شەڕ نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل بوە لەڕۆژێکدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەوت زیاتر لە 90 سەدا لەداهاتی حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێنێت.
