شارپرێس ـ تایبەت:
لەهەنگاوێکی کتوپڕو مێژویدا کە هاوسەنگییە سیاسییو سەربازییەکانی سوریا بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات، فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یهپهژه) گەیشتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بۆ تێکەڵبونی هێزەکانیان لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
ڕۆژی 26ی ئابی 2026، وهفدێكى باڵای فەرماندەیی یهپهژه لەگەڵ وهفدێكى فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا لەدیمەشق کۆبونەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی یەپەژە، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بریتی بوە لەداهاتوی سوریاو پرسی ئاسایشو سەقامگیرییو چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان هەردولا.
گرنگترین خاڵی ناو کۆبونەوەکە کە وەک بۆمبێکی هەواڵ دەنگیداوەتەوە، پرسی تێکەڵکردنی یەپەژە بوە لەناو وەزارەتی ناوخۆی سوریادا، فەرماندەیی یەپەژە بهفهرمى دهڵێت، "جەختکراوەتەوە لەوەی یەپەژە وەک هێزێکی تایبەتو ڕێکخراو، لەناو بنکەو بونیادی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا جێگیربکرێت".
ئەم هەنگاوە نوێیە تەواوکەری ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەیە کە لە 29ی کانونی دوەمی 2026 لەنێوان لایەنەکاندا واژۆکراوە، فەرماندەیی یەپەژە دەڵێت، "کۆبونەوەکە ئەرێنیو بونیادنەر بوە، گفتوگۆکانیش بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵبونو جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە بەردەوامدەبن".
چاودێران پێیانوایه، ئەم وەرچەرخانە تەنها گۆڕانکارییەکی سەربازیی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونە بۆ نزیکبونەوەی ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسییو سەربازیی گشتگیر، تێکەڵبونی یەپەژە وەک هێزێکی کاریگەرو خاوەن ئەزمون لەناو وەزارەتی ناوخۆ، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لەمێژوی سوریای دوای جەنگو دەبێتە هۆی گۆڕانی تێڕوانینە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ داهاتوی ناوچەکە.
