شارپرێس:
لەگەرمەی پەرەسەندنی گرژییو ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان تارانو واشنتۆن، چین ڕێبازێکی زۆر وردو دیزاینکراو پەیڕەو دەکات.
بهگوێرهى شیکارییەکی بڵاوکراوەی ماڵپەڕی "تاگس شاو"ی ئەڵمانی، پەکین سیاسەتێک جێبەجێدەکات کە بە"بێلایەنیی لایەنگری ئێران" وەسفدەکرێت؛ بەجۆرێک کە لەڕوی دیپلۆماسیو تەکنەلۆژییەوە پشتیوانی لەتاران دەکات، بەبێئەوەی ڕاستەوخۆ بگلێتە ناو جەنگەکەوە یان بەرژەوەندییە ئابورییە فراوانەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو بخاتە مەترسییەوە.
لەڕوی ڕاگەیاندنو دیپلۆماسییەوە، چین خۆی وەک هێزێکی بەرپرسیارو ئاشتیخواز دەنوێنێت کە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەو ڕاگرتنی شەڕ دەکات.
لەبەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک لایەنی دەستپێشخەرو دەستدرێژیکار وێنا دەکەن.
سێباستیان هایلمان توێژەر لەزانکۆی تریپەر ئاماژە بەوەدەکات، ئەم ئاڵۆزییانە دەرفەتێکی جیۆپۆلیتیکی بەنرخیان بۆ پەکین ڕەخساندوە تا وەک هێزێکی سەقامگیرو گەشەسەندوو دەربکەوێت، بەتایبەت لەکاتێکدا کە پێگەی نێودەوڵەتییو ڕوخساری ئەمریکا توشی پاشەکشە بوهتەوە.
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی ئێرانو چین لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی 25 ساڵەی ساڵی 2021 دامەزراون کە هاوکاریی ئابوریی، سەربازییو تەکنەلۆژی بەبڕی 400 ملیار دۆلار لەخۆدەگرێت، ئەم هاوکارییە ئاستبەرزە لەمانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان چین، ئێرانو ڕوسیا لەکەنداوی عومانو نزیک گەروی هورمز ڕەنگیداوەتەوە.
جگەلەوەش، بهگوێرهى وتەی مای-بریت شتومباوم لەپەیمانگەی (سبێر)، چین لەڕێگەی دابینکردنی کەلوپەلی دوسەرە بەکارهێنان (سەربازییو مەدەنیی)، پێدانی وێنەی مانگە دەستکردەکانو ڕێگەدان بەبەکارهێنانی تۆڕی ڕێنیشاندەری (بێیدۆ)، توانای بەرگرییو وەڵامدانەوەی ئێرانی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا زۆر بەهێزترکردوە.
ئەمه لەکاتێکدایە کە پەکین ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بەڕەوانەکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ تاران پشتراستنەکردوهتەوە.
پەکین نایەوێت پەیوەندییە ئابورییە گرنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکاتە قوربانی، بەتایبەت کە ناوچەکە بەناوەندێکی گرنگی گەشەی ئابوریی جیهانیی دەزانێت، بۆیە لەڕێگەی وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلاری لەچوارچێوەی دەستپێشخەریی "پشتێنەو ڕێگە"دا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەک عەرەبستانی سعودی بەهێزتر دەکات تا نفوزی ئەمریکا کەمبکاتەوە.
لەڕوی وابەستەیی ئابورییەوە، ئێران بەپێویستییەکی زۆرترەوە بەستراوەتەوە بەچینەوە؛ زیاتر لە 80 لەسەدی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەچێت، بەڵام نەوتی ئێران تەنها 13 لەسەدی هاوردەی نەوتی چین پێکدەهێنێت.
چین سەرچاوەی دیکەی بەهێزی وەک ڕوسیا، عەرەبستانی سعودی، عوممانو عێراقی هەیەو یەدەگێکی گەورەی نەوتیشی پاشەکەوت کردوە، ئەمەش هێزی مانۆڕی زیاتری بەپەکین داوە.
لەکۆتاییدا، ئەم هاوکارییەی نێوان چین، ئێران، ڕوسیاو کۆریای باکور، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەڕۆژئاواو ڕوبەڕوبونەوەی سزاکان تا سیستەمی جیهانی بگۆڕن، بەڵام شیکارییەکان جەختدەکەنەوە، ئەم هاوپەیمانییە تەنها تەکتیكییەو چین بەوشیارییەوە مامەڵە دەکات تا خۆی لەسزاکان بەدوربگرێتو زیان بەبەرژەوەندییە فرەچەشنەکانی نەگات.
