شارپرێش:
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ
کە لەلایەن هەردوو زانکۆی پێنسلڤێنیا و زانکۆی نۆرس وێستەرن ئامادەکراوە، جیهان لەبەردم
وەرچەرخانێکی دیمۆگرافی بێپێشینەدا وەستاوە، دوای ئەوەی ڕێژەی منداڵبوون لەسەر ئاستی جیهان بۆ خوار ئاستی جێگرتنەوەی
دانیشتووان دابەزیوە.
توێژینەوەکە دەڵێت: ئەم
ئاڕاستەیە ڕەنگە لە دەەیەکانی داهاتوودا ببێتە هۆی وەستانی گەشەی ژمارەی دانیشتووانی
زەویی و دەستپێکردنی قۆناغی پوکانەوەی ژمارەی دانیشتووان.
توێژینەوەکە پێشبینی دەکات
کە ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە دەوروبەری ساڵی 2056دا بگاتە لوتکەی خۆی کە نزیکەی
9 ملیار کەسە، پێش ئەوەی بەرەو داكشان بڕوات. ئەم مەزەندەیە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە
لە پێشبینییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشبینی دەکات لوتکەی دانیشتووان
لە ساڵی 2084دا بگاتە 10.29 ملیار کەس.
توێژەران هۆکاری ئەم جیاوازییە
بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە مۆدێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیادەڕۆیی لە مەزەندەکردنی
ژمارەی لەدایکبووانی داهاتوودا دەکەن و سوودی پێویست لە داتاکانی تۆماری باری شارستانیی
فەرمیی وڵاتان وەرناگرن.
ئەم توێژینەوەیە پشتی
بە مۆدێلێکی ئاماریی بەستووە کە پێنج هۆکاری سەرەکیی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ شیکاریکردنی
داتاکانی 236 وڵات و هەرێم لە نێوان ساڵانی 1950 تا 2023. دەرئەنجامەکان دەریانخستووە
کە ڕێژەی پیتاندنی جیهانی دابەزیوە بۆ خوار ئاستی جێگرتنەوە کە بە 2.2 منداڵ بۆ هەر
ئافرەتێک دیاریکراوە.
شایەنی باسە ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لە مێژووی هاوچەرخدا
تەنانەت لە کاتی جەنگە جیهانییەکان یان پەتا گەورەکانیشدا بەم شێوەیە تۆمار نەکراوە.
تێبینی دەکرێت کە دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون تەنها ئابوورییە پێشکەوتووەکانی نەگرتۆتەوە،
بەڵکو بە خێرایی پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی خاوەن داهاتی ناوەند و کەمیش.
ئێستا 219 وڵات لە ئاڕاستەی داڕمانی لەدایکبووندان بە تێکڕای
دابەزینی ساڵانەی 0.062 منداڵ بۆ هەر ئافرەتێک. بۆ نموونە ڕێژەی لەدایکبوون لە تایڵەند
گەیشتووەتە 0.87 و لە کۆڵۆمبیا 1.01 و لە تونس 1.45 و لە مەکسیک 1.51 منداڵ بۆ هەر
ئافرەتێک، کە ئەمەش ئاستێکە زۆر نزمترە لە هەندێک وڵاتی دەوڵەمەند.
توێژەران جەخت دەکەنەوە
کە بەرزبوونەوەی تێچووی نیشتەجێبوون و فشاری ئابووریی بە تەنها بەس نین بۆ ڕوونکردنەوەی
ئەم دیاردەیە، بەڵکو نەریتی هاوچەرخبوون و مۆدێرنیتە لە ناوەندی ئەم وەرچەرخانەیە.
پەروەردەکردنی منداڵ، بەتایبەت منداڵی سێیەم، پێویستی بە
وەبەرهێنانی زیاتری کات و پاره هەیە لە پەروەردە و چاودێریدا. لە بەرامبەردا، بڵاوبوونەوەی
سیستەمی خانەنشینی و چاودێریی تەندرووستیی پشتبەستنی بەساڵاچووانی بە منداڵەکانیان
کەمکردۆتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە،
توێژینەوەکە هۆشداریی دەدات کە لەگەڵ کەمبوونەوەی
گەنجانی تازەهاتوو بۆ بازارەکانی کار و زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان، حکومەتەکان ڕووبەڕووی
ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە دابینکردنی بوجە بۆ سیستەمی خانەنشینیی و چاودێری تەندرووستیی
و دانانی قەرزی گشتیی، چونکە ئەرکی قەرزە کەڵەکەبووەکان دەکەوێتە سەر شانی ژمارەیەکی
کەمتری دانیشتووان و هێزی کار.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی