له‌ناو لیوای 30ی حەشدى شه‌عبى چى ده‌گوزه‌رێت؟

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاشكراكراون، لەچەند مانگی ڕابردودا لیوای 30ی حەشدی شەعبی لەدەشتایی نەینەوا، چەندین گۆڕانکاریی بەرچاوو ململانێی توندی ناوخۆیی بەخۆوە بینیوە، کە پەیوەندییان بەگەندەڵی، قاچاخچێتیی مادەی قەدەغەکراوو کێشەی کارگێڕییەوە هەیە.

 

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەمانگی ئایاری 2026دا، (عەلی تەویل) بەرپرسی ئەمنیی لیوای 30 ئاگادارکراوەتەوە کە بارهەڵگرێکی پڕ لەحەبی هۆشبه‌ر لەبازگەی (گوێڕ)ەوە بەرەو شاری موسڵ تێپەڕیوە، سەرچاوەکان دەڵێن، ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەم بارهەڵگرە بەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆی (بەشار بەکتاش تورکمانی) ڕاوێژکاری فەرماندەی لیوای 30 بوە.

لەدوای ئەم ڕوداوە، (سەید خوزەیر مەتروحی) فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنەکانی حەشد لەنەینەوا، لێکۆڵینەوەی دەستپێکردوە، هاوکات (شوعەیب عەبدولکەریم خدر ـ ناسراو بەئەبو یاسین شەبەک) بەرپرسی هەواڵگریی حەشد لەنەینەوا، (عەلی تەویل)ی بۆ چەند ڕۆژێک دەستبەسەرکردوە، زانیارییە نا فەرمییەکان جەختدەکەنەوە کە (عەلی تەویل) لەگەڵ (سەفوان فەیسەڵ زەیدان) بەرپرسی یەکەی (K9)و (بەشار بەکتاش)، بڕی 70 ملیۆن دیناری عێراقییان وەک بەرتیل لەخاوەنی بارهەڵگرەکە وەرگرتوە بەرامبەر تێپەڕاندنی شتومەکەکانی.

لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026، لەسەر فەرمانی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی لەبەغدا، (سەید خوزەیر مەتروحی) زنجیرەیەک بڕیاری بۆ گواستنەوەو دورخستنەوەی چەند بەرپرسێکی لیوای 30 واژۆکرد، بڕیارەکە (موجته‌با بەکتاش) بەرپرسی پێشوی ئەمنی، (سەفوان فەیسەڵ زەیدان) بەرپرسی یەکەی K9، (عەبدوڵڵا وەحش) جێگری بەرپرسی هەواڵگریی، (عەلی حەیدەر مستەفا ـ ناسراو به‌عەلا ئەبو وەرود) بەرپرسی پاسەوانەکان‌و (بەشار بەکتاش تورکمانی) گرتەوە کە هەمویان بۆ فەرماندەیی ئۆپه‌راسیۆنەکانی دیالە گواسترانەوە، هەروەها (زەینه‌لعابدین سالم) بەرپرسی نوسینگەی فەرماندەیی لەپۆستەکەی دورخرایەوە.

هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، عەلی ئەیوب خدر شەبەک وەک بەرپرسی نوێی ئەمنی‌و محەمەد عەمەش شەبەک وەک بەرپرسی هەواڵگریی لیوای 30 دەستبەکاربون، هەروەها ئیسماعیل ئه‌بو مەهدی شەبەک کرا بەجێگری بەرپرسی ئەمنی کە ناوبراو خوشکەزای وەعد مەحمود قەدۆ دامەزرێنەری لیواکەو پەرلەمانتاری ئێستای کۆتای شەبەکە.

زانیارییەکان باس لەدروستبونی ناکۆکییەکی قوڵ دەکەن لەناوەڕاستی حوزەیراندا، لەنێوان محەمەد جەمیل خدر شەبەک فەرماندەی ئێستای لیوای 30و وەعد قەدۆ فەرماندەی پێشوو، بەگوێرەی دزەپێکردنی زانیارییەکان لەکۆبونەوەیەکی داخراوی (وەعد قەدۆدا، قەدۆ وتویه‌تى، "نەسریەی تەرخانکراو بۆ لیوای 30 بڕی 210 ملیۆن دینارە، بەڵام محەمەد جەمیل بەهەماهەنگی لەگەڵ سەید خوزەیر مەتروحی، مانگانە 60 ملیۆن دینار بۆ خۆی دەبات".

له‌وباره‌یه‌وه‌ ماڵپه‌ڕى darkamazi ده‌ڵێت، "هەروەها تێوەگلانی محەمەد جەمیل لەقاچاخچێتیی مەڕوماڵات بۆ شاری هەولێر به‌ڵگه‌ى له‌باره‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌، جگەلەوەش، ناوبراو بەهاوکاری فەرمانبەرێکی شارەوانی موسڵ بەناوی عیسمەت، دەستی بەسەر 80 پارچە زەویدا گرتوە لەناوچەی (کۆکجەلی)و هەر پارچەیەکی بەدوو ملیۆن‌و 500 هه‌زار دینار بەسەر لایەنگرانی خۆیدا دابەشکردوە، بەهۆی ئەم کێشانەوە، وەعد قەدۆ هەوڵدەدات برازاکەی خۆی (ئەحمەد حەسەن قەدۆ) بخاتە شوێنی محەمەد جەمیل، بەڵام (مەتروحی) ڕەتیدەکاتەوەو بەردەوامە لەپشتگیریکردنی فەرماندەی ئێستا.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، هەرچەندە بەشی دژە گەندەڵی لەدەستەی دەستپاکی موسڵ ئاگاداری ئەم پێشێلکارییانەیە، بەڵام پشتگیریی بەرپرسە باڵاکانی حەشد لەبەغدا، وەک ئەبو مۆنتەزیر تەحسین عەبودی‌و عەدنان ئیبراهیم بەسری، ڕێگرە لەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، لە 10ی حوزەیرانی 2026، حوسام سەهلانی بەرپرسی لۆجستی لەئۆپه‌راسیۆنەکانی نەینەوا، سەردانی بارەگای لیوای 30ی کردوە، لەکۆبونەوەیەکدا داوای لەمحەمەد جەمیل کردوە لیستێک لەو زیانانە ئامادەبکات کە بەهۆی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەر بارەگاکانی لیواکە، بارەگای نوێنەری عەلی خامنەیی شێخ حەسەن سوڵتان فەتاح‌و دامەزراوەی سەید ئەلشوهەدا لەگوندی (خەزنە تەپە) کەوتون، تاوەکو لەلایەن دەستەی حەشدەوە قەرەبوبکرێنەوە.

لەچوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، باس لەوەدەکرێت، سەید عەقیل جێگری فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنەکانی حەشد لەنەینەواو فەرماندەی لیوای 21، لەمانگی ئایاری 2026 بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لەدەستگیرکراوان گیراوە‌و ئێستا لەزیندانی (سەدر ئەلقەنات (تاجی/ بەغدا) لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.