گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان رەتدەکرێتەوە

کوردستان

02/09/2026‌ 1010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری پارێزگاری حەسەکە رەتیدەکاتەوە حکومەتی سوریا هیچ پێشنیارێکی لەبارەی گەڕانەوەی هیزەکانی "پێشمەرگەی رۆژ" بۆ رۆژئاوای کوردستان و تێکەڵبونیان لەگەڵ سوپای سوریا کردبێت.



چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێک لەمیدیاکانی هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە حکومەتی سوریا پێشنیاری بۆ هێزەکانی "پێشمەرگەی رۆژ" کردوە بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و هاوشێوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ بن، بەڵام ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی رایگەیاندوە،" ئەو دەنگۆیانە دورن لەراستییەوەو هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە ".

پێشمەرگەی رۆژ، یان لەشکری رۆژ بە باڵی سەربازی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا (ئەنەکەسە) دادەنرێت و لە ساڵی 2012 دامەزراو ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسی چەکدار دەبێت، کە زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، بەڵام لەئێستادا ئەو هێزە لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لەلایەکی دیکەو، شەلال کدۆ، سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی كوردی لە سوریا، بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی وتوە،" ئەو هێزانە مافی خۆیانە بگەڕێنەوە سوریا و پارێزگاری لە خاکی سوریا بکەن، چونکە هێزێکی سوری نیشتمانین ".