شارپرێس:
لێدوانەکانی محەمەد ئۆچوم، گەورە ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە بەشداریی دوبارەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی، شەپۆلێکی بەرفراوانی لە گفتوگۆ و ناکۆکیی لە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیادا دروست کردوە.
بەپێی دەستووری ئێستای تورکیا، خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کە لە ساڵی 2023 دەستی پێکردووە، خولی کۆتاییەتی. بەڵام دەقە دەستوورییەکان ڕێگە بە سەرۆک کۆمار دەدەن بۆ خولی سێیەم خۆی بەربژێر بکاتەوە، بەمەرجێک ئەگەر بێت و پەرلەمانی تورکیا بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە، پارتی دەسەڵاتدار پێویستی بە دەنگی 360 پەرلەمانتار هەیە لە کۆی 600 ئەندامی پەرلەمان. هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار ، واتە پارتی داد و گەشەپێدان خاوەنی 280 کورسییە و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی خاوەنی 64 کورسییە، بەمەش پێویستیان بە دەنگی 34 پەرلەمانتاری دیکە هەیە. ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لەگەڵ دەسەڵات لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، وەک هەنگاوێک بۆ مسۆگەرکردنی ئەو دەنگانە یان هەموارکردنەوەی دەستوور سەیر دەکرێت.
دیاریکردنی ڕێککەوتی 16ی نیسانی 2028 بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغانەوە کە تەنیا 3 هەفتە پێش ڕێککەوتی ئاسایی خۆیەتی لە 7ی ئایاری 2028 نارەزایەتییەکی توندی لێکەوتۆتەوە.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پێیانوایە ئەم ماوە کورتە ناچێتە خانەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ڕاستەقینەوە، بەڵکو بەکارھێنانی کەلێنێکی دەستوورییە تەنیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان.
ئۆپۆزسیۆن ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی داد و گەشەپێدان لە بارودۆخێکی سەختدایە بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەری، داڕمانی ئابووریی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی و هەڵئاوسانی بەرچاو. لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەپەلە دەکات، بەڵام دژی دەستکاری کردنی دەستوورە بۆ بەرژەوەندیی یەک کەس.
هاوکات، پارتی دەسەڵاتدار ڕووبەڕووی تۆمەتی گوشارخستنەسەر ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە، بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لەگەڵ دەیان سەرۆک شارەوانی و سەرکردەی تری سیاسی، کە وەک هەوڵێک بۆ بێهێزکردنی ڕکابەرە سەرەکییەکانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبینرێت.