شارپرێس:
ئاژانسی "ئەلئەخبار ئەلعاجلە"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرپرسێکی باڵای پاکستان سەردانی تاران بکات، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێک یان پاکێجێکی پێشنیازی نوێ لە واشنتۆنەوە بۆ لایەنی ئێرانی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم پێشنیازە پەیوەستە بە هەڵوێستە دوایینەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە دەردەکەوێت واشنتۆن ئارەزووی بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێک دەکات پێش هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خولی کۆنگرێس. پێشنیازەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە نێوان 40 بۆ 50 ڕۆژ داڕێژراوە و ئەمریکا هەوڵی ڕێککەوتنێکی خێرا و گشتگیر دەدات.
بە پێچەوانەی ئەوەی لە ئیسلام ئاباد باسی لێوەکراوە، بڕیارە لە سەرەتاوە جگە لە دۆسیەی ئەتۆمیی، پرسی گەرووی هورمزیش بگرێتەخۆ. ئامانجی سەرەکی واشنتۆن گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی خێرا و فرەلایەن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی سیاسیی و هەڵبژاردنی بۆ ترەمپ هەبێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەڵامی ئێران بۆ ئەم پاکێجە نەرێنیی بێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ شەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و دواین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کردووە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە ناواخنی دۆسیەکان ئاشکرا بكرێت.