شارپرێس:
کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری 24 ڕۆژنامەنوس و کارمەندی لە کەرتی غەززە لەکارەکانیان دەرکرد، دوای ئەوەی ناویان لە داوایەکی دادوەریی ئەمریکیدا هات کە تۆمەتی پشتیوانیکردنی بزوتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەخاتە پاڵ میدیاکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "وای نێت"ی عیبری ئەم داوایە لە شوباتی 2025 لەلایەن ڕێکخراوی "شورات هادین"ی ئیسرائیلییەوە تۆمارکراوە. سکاڵاکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لەو کارمەندانە پەیوەندییان بە ڕێکخراوە چەکدارەکانەوە هەبووە، بەڵام ئەم بانگەشانە هێشتا لە ڕێگەی بڕیاری دادگاوە نەسەلمێنراون.
ئەم هەنگاوەی ئەلجەزیرە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی دەنگۆ و قسەوباس لەسەر ڕەوشی هەندێک لە ڕۆژنامەنوسانی غەززە. ئیسرائیل چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەشێک لە کارمەندانی ڕاگەیاندن ئەندامی حەماس یان جیهادن، لە بەرامبەردا ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری داوای بەڵگەی سەلمێنراو دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند کە لە حوزەیراندا ناوی 20 کەسی لە لیستی ئەو ڕۆژنامەنوسانە سڕیوەتەوە کە لە جەنگەکەدا کوژراون، دوای ئەوەی دڵنیابووەوە لە کارکردنیان بۆ حەماس یان جیهاد.
کۆمیتەکە ڕوونیکردۆتەوە کە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە شەڕدا کەسێک لە مەدەنیبوون دەخات، بەڵام تەنها پەیوەندیداربوون بە لایەنێکەوە بەبێ بەشداریی لە چەکداریدا، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مەدەنیی لێ ناستێنێتەوە.
کۆمیتەکە ئیدانەی بەکارهێنانی ناوی ڕۆژنامەنوسی لەلایەن چەکدارانەوە کردووە، چونکە گیانی ڕۆژنامەنوسانی ڕاستەقینە دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها دەرکردنی ئەم کارمەندانە لە ئەلجەزیرە بە تەنها بەڵگە نییە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکانی سەریان، بەتایبەت کە ڕوونکردنەوەی سەربەخۆ لەسەر هۆکاری دەرکردنی تاک بە تاکیان بڵاونەکراوەتەوە و گرفتە یاساییەکان لەسەر سەلماندنی ئەم بانگەشانە هێشتا بەردەوامن.