حكومەتی هەرێم داوای پشك لەقەرزە نێودەوڵەتییەكانی عێراق دەكات

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سێ وەزارەتی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی سەرنج و تێبینیی یاسایی لەسەر پڕۆژەیاسای فیدراڵیی تایبەت بەقەرزو بەخشینەکان تا لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان پشكی خۆی پێبدرێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوێکی فەرمی هەرسێ وەزارەتی داد، دارایی و ئابوری و پلاندانانی ڕاسپاردوە بۆ بەدواداچون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستوری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بەقەرز، بەخشین و هاوکارییەکان. 

فەرمانگەی میدیاو زانیاری باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە، بەو پێیەی لەبڕیارەکەشدا جەخت لەجێبەجێکردنی ماددەی 106ـی دەستوری عێراق کراوەتەوە، تێیدا هاتوە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لەهەر قەرزو هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەرێمی کوردستان بەشدار بوە لەدانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سودەکانیان، بۆیە پێویستە لەکاتی دابەشکردنی قەرزو بەخشینەکاندا، مافە دەستورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

لەکۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێم هەیە. بۆیە پێویستە لەتەواوی قۆناخەکانی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری ڕەچاو بکرێن.