شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەی سەربازیی یەمەنیی، ئەمرۆ یەکشەممە هێزەکانی عەمالیقەی باشوور لیوایەکی سەربازییان وەک پشتیوانیی نوێ ڕەوانەی بەرەی سوبیحە کردووە. ئەم هەنگاوە بۆ بەشدارییە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە کە بەرەنگاری حوسییەکان دەبنەوە لە شارۆچکەی مەزاریبە و رەئسولعارە لە پارێزگای لەحج، لەسەر سنووری پارێزگای تەعز.
ئەم پشتیوانییە سەربازییە دوای ئەوە هات کە حوسییەکان لە شارۆچکەی وازعیەی سەر بە تەعزەوە پێشڕەوییان کرد و توانییان دزەبکەن ناو بەشێک لە گوندەکانی شارۆچکەی مەزاڕیبە. لە هەمان کاتدا، بەرەکانی کەهبوب، جەبل حەبەشی و راسن لە تەعز پێکدادانی بەردەوامیان لەگەڵ حوسییەکاندا بەخۆوە بینی.
لە لایەکی ترەوە، دوێنی شەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی دا لە ئەگەری ڕوودانی "پەرەسەندنی خێرا" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و بەئامانجگرتنی ڕیازی پایتەخت بۆ یەکەمجار لە دوای چەند مانگێک.
بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشووی کۆتایی هەفتەی لە کامپ دەیڤد بڕی و شەوی شەممە گەڕایەوە واشنتن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هۆشداریی دایە هاوڵاتییانی لە ناوچەکە لە ئەگەری پەرەسەندنی کتوپڕی شەڕ و داوای لە ئەمریکییەکان کرد بە جددی داڕشتنەوە بۆ گەشتەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.