شارپرێس:
سەرچاوە ئاگادارەکان لە کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی بەرفراوانیان ئامادە کردووە دژ بە ئێران.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەم ڕێکارە وەک ئامادەکارییەکە بۆ پشتیوانیکردن لە هەر کردەوەیەکی سەربازیی گریمانکراو واشنتۆن دژی بنکە ئاتۆمییەکانی ئێرانی، بەتایبەتی وێستگەی چیای قوڵینگ، لە حالەتی شکستهێنانی دانوستانە ناوەکییەکاندا.
هاوکات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کار دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بۆ سەر کەرتەکانی نەوت، پەترۆکیمیایی و گازی ئێران. ئەم سزایانە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و ناوەندگیرە ئەورووپییەکان دەکەنە ئامانج کە مامەڵەی دارایی بۆ قەوارەکانی سەر بە تاران ئەنجام دەدەن.
هەروەها بڕیارە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێڕەوانە بکرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی "کۆمپانیا ساختەکان" لە ئەورووپا بەکاریان دەهێنێت بۆ دەستکەوتنی تەکنەلۆجیا و پارچەی دروستکردنی درۆن و مووشەک بۆ سوپای پاسداران.
ئەم پێشهاتانە دوای ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی چوارقۆڵی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) دێن کە تێیدا داوایان لە تاران کردبوو بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەوتننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیی و هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئاتۆم.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە واشنتۆن داوای لە وڵاتانی ئەورووپیی ئیمزاکەری ڕێککەوتنی سالی 2015 کردووە سزاکانی "سناپ باک" چالاک بکەنەوە تا ڕێگە لە هەڵسوڕانی دارایی تاران بگرن.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و ئابوورییانە هاوکاتن لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی نھێنیی چەند کاتژمێریی بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە هاوینەهەواری کامپ دەیڤد، کە تێیدا تاووتوێی هەنگاوەکانی داهاتووی شەڕ لەگەڵ ئێران و گرژییەکانی یەمەن کراوە؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ چوونەناو قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە دۆسیەی ناوچەکەدا.