وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق یەک دۆلار بە 1500 دینار دیاریکراوە، واتا 100 دۆلار بە نرخی فەرمی 150 هەزار دینار دەبێت.
دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و بەشدار لەو کۆبوونەوەیەی لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی ئەنجامیداوە دەڵێت: فالح ساری وەزیری دارایی عێراق وتویەتی: بەهای 100 دۆلار لە بودجەی 2027 بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە. بەو پێیە بێت بەهای دۆلار لە بازاڕی ڕەش بۆ سەروو 160 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی نرخی نەوت لە بودجەدا وەزیری دارایی وتویەتی: یەک بەرمیل نەوت بە 58 دۆلار دیاریکراوە، کۆی گشتی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقیش لە پرۆژەیاساکەدا بە 218 ترلیۆن دینار دیاریکراوە.