شارپرێس:
عێراقییەکان لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا لە ڕیزی نەتەوە بیانییە پێشەنگەکاندا بوون کە خانووبەرەیان لە ئوردن کڕیوە، بە بەهایەکی گشتی گەیشتووەتە 70.257 ملیۆن دیناری ئوردنی، کە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهای گشتیی خانووبەرەی کڕدراو لەلایەن نیشتەجێبووانی بیانییەوە لە ئوردن، بە ڕێژەی 17% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو زیادی کردووە.
بەپێی داتاکانی دەستەی زەوی و خانووبەرەی ئوردن، عێراقییەکان لە ماوەی کانوونی دووەم تا کۆتایی ئەیلوولی 2026دا، 416 خانووبەرەیان کڕیوە و نزیکەی 42%ی بەهای گشتیی خانووبەرە کڕدراوەکان لەلایەن بیانییەکانەوە لە ئوردنیان پێکهێناوە.
تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا، عێراقییەکان 43 خانووبەرەیان بە بەهای 7.179 ملیۆن دیناری ئوردنی، واتە 10.13 ملیۆن دۆلار، کڕیوە.
لە کۆی 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵەدا، بیانییەکان 1,736 خانووبەرەیان لە ئوردن کڕیوە؛ ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی 1% کەمیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. بەڵام بەهای گشتیی ئەو خانووبەرانە بە ڕێژەی 17% زیادی کردووە و گەیشتۆتە 168.311 ملیۆن دیناری ئوردنی.
ئەم داتایانە ئاماژە بە بەردەوامیی ئامادەبوونی عێراقییەکان لە بازاڕی خانووبەرەی ئوردن دەکەن، جا لە بواری کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون بێت یان جۆرەکانی تری خانووبەرە، لە کاتێکدا ئوردن هەروا سەرنجی کڕیارانی چەندین نەتەوەی عەرەبی و بیانیی ڕادەکێشێت.