عەرەبستانی سعودی لەبەردەم بڕیارێکی سەختدا.. ئایا ڕیاز هێرشی زەمینی دەکاتە سەر حوسییەکان؟

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەرەبستانی سعودی دوای هێرشێکی مووشەکیی خوێناوی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز، ڕووبەڕووی بڕیارێکی سەخت بۆتەوە لەبارەی شێوازی وەڵامدانەوەی حوسییەکانی یەمەن.

 
هێرشەکە کە ڕۆژی شەممەی رابردوو ڕوویدا، لانیکەم 12 کەسی کوشت و لە کاتێکدا هات کە ڕیاز هەفتەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی دەست پێکردبوو بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی حکومەتی یەمەن.

بەڵام حوسییەکان لەبری پاشەکشەکردن، هێرشەکانیان توندتر کردۆتەوە و هەڕەشە دەکەن ژێرخانی گرنگی عەرەستانی سعودی بکەنە ئامانج و زیانی ئابووریی جیهانیی درووست بکەن، ئەم هەڵمەتە بەشێک لە ململا‌نێی فراوانتری نێوان ئێران و ئەمریکا دادەنرێت.

دوای 11 ساڵ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی هێزی حوسییەکان بە شەڕ و گفتوگۆ، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەستانی سعودی، و برایی خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری، هەڵبژاردەیەکی سنوورداریان لەبەردەمدایە. هەرچەندە ڕیاز تا ئێستا زۆرتر پشت بە هێزی ئاسمانی بەستووە، ناردنی هێزی زەمینیی بەرفراوان بۆ یەمەن دەتوانێت شانشینەکە بخاتە ناو جەنگێکی درێژخایەن و پڕخەرجیی و زیان بە وێنەی وڵاتێکی جێگیر و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان و گەشتیاری بگەیەنێت.

حوسییەکان بە پشتیوانیی ئێران بوونەتە هێزێکی چەکداری بەهێز کە مووشەکی بالیستیی دوورمەودایان هەیە. بەرپرسانی یەمەن دەڵێن ئەوان لەگەڵ شارەزایانی سوپای پاسدارانی ئێران هاوکارییان کردووە بۆ پەرەپێدانی مووشەکەکان.

هەروەک، کۆمپانیای ئەنتڕۆپیک ڕایگەیاندووە گرووپێک لە باکووری یەمەن ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکردی "کلۆد"ی بۆ یارمەتیدانی پەرەپێدانی بەرنامەکانی ئاراستەکردنی مووشەک بەکارهێناوە، بەڵام ناسنامەی گرووپەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ڕیاز بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هەڕەشەیە داوای پشتیوانی لە هاوپەیمانانی کردووە. فەڕەنسا، بەریتانیا و پاکستان بەڵێنی یارمەتییان داوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لە داوای یارمەتی لە سوریا دەکەن.

بەڵام ئەمریکا، گەورەترین هاوپەیمانی عەرەستانی سعودی، هێشتا پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حوسییەکان نەکردووە و زیاتر لە 100 ڕاوێژکاری سەربازی بۆ دابینکردنی زانیاریی هەواڵگری ناردووە.

بەپێی سەرچاوەکانی CNN، محەممەد بن سەلمان مانگی ڕابردوو دوو جار داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کردووە هێرش بکاتە سەر حوسییەکان، بەڵام ترەمپ ڕەتی کردۆتەوە.

دوای کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە هێرشەکەی ڕیاز، زیاتر باس لەئەگەری بەشداریی ئەمریکا دەکرێت. ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هێرشکردن بۆ سەر حوسییەکاندا وتی: "لەوانەیە ئەو کارە بکەین".