شارپرێس:
كاتژمێرهكانى کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر شایەتی خێراترینو هەستیارترین
پێشهاتی سیاسیىو سەربازین لەنێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەجۆرێک ناوچەکە
لەنێوان هاوکێشەی لێدانی سەربازیی کتوپڕو گرتنەبەری دیپلۆماسییەتی توندی پشت پەردەدایە،
زانیارییە دزەپێکراوەکانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، پەردە لەسەر نامەیەکی زۆر نهێنیی
جی دی فانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لادەدەن کە ئاراستەی تاران کراوە بۆ کێشانی چوارچێوەی
نوێی ئەتۆمیی، لەکاتێکدا ڕێبەری باڵای ئێران فەرمانی ئامادەباشیو وەڵامدانەوەی دەستبەجێ
بەبێ هیچ جۆرە سنوردارکردنێکی جوگرافی دەردەکات.
موحسین ڕەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
ئاشکرایکرد، "نامەیەکی فەرمیمان لەجی دی فانس جێگری (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمریکاوه
پێگەیشتوە، بهڵام هێشتا وەڵامی نامەکە نەدراوەتەوە، زمانى نوسینی نامەکە بەتەواوی
گۆڕاوەو ئەمەش نیشانەیەکی زۆر ئەرێنییە".
بهگوێرهى ڕاپۆرتێكى پێگەی (ئەکسیۆس)ى ئهمریكى، فانس لەنامەکەیدا جەختیکردوەتەوە،
دورکەوتنەوە لەلێدانی سەربازیی ئەمریکا، پێویستی بەدانوستانی ڕاستەوخۆ هەیە لەسەر
دۆسیەی ئەتۆمیی.
هاوکات زانیارییەکان باس لەڕەشنوسی چوارچێوەیەکی کارکردنی هاوبەش دەکەن
کە تێیدا بژاردەی "گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ وڵاتی سێیەم"
تاووتوێدەکرێت، ئەمەش لەژێر چاودێریی ناوەندە قەتەرییەکاندا کە ماوەی 12 سەعات
گفتوگۆی چڕیان بەڕێوەبردوه لهگهڵ واشنتۆنو تاراندا.
لەسەر ئاستی مەیدانیی، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران، لەکۆبونەوەیەکی
خێرادا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپاى وڵاتهكهى، فەرمانیکردوه، لەکاتی دەستپێکردنەوەی
هەر هێرشێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل، دەبێت وەڵامدانەوەکە خێرا، کاریگەرو بەبێ هیچ جۆرە
سنوردارکردنێکی جوگرافی بێت.
خامنەیی وتویهتى، "ئەگەر دوژمنان دەست بەهێرشی سەربازیی یان تیرۆریستی
بکەنەوە، ئەوا هێزە چەکدارەکانو گەلی ئێران خۆیان کاتو مەرجی کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە
دیاریدەکەن".
هاوکات، ژەنراڵ عەلی عەبدوڵڵاهی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان
جەختیکردوهتهوه، سوپا چاوهڕێی جوڵەی سەرەتایی دوژمن ناکات، بەڵکو بەتەواوی
توانای هەواڵگرییەوە چاودێریی ئامادەکارییەکانیان دەکەنو بانکی ئامانجە گشتییو سیاسییهكانى
دوژمنو پاڵپشتیکارە ناوچەیییەکانیانیان نوێکردوەتەوە.
لەبەرامبەردا، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەکۆتاییی کۆبونەوەی
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی بیست (G20) لەشاری ئەتلانتا ڕایگەیاند،
دۆناڵد ترەمپ هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر
ئێران نەداوەو واشنتۆن هەمیشە پێشڕەوی لەچارەسەری ئاشتیی دۆسیەکان دەکات لەڕێگەی
ناوبژیوانەکانەوە.
هاوكات ڕوبیۆ هۆشداریی توندیداوه کە دابینکردنی ئاسایشی هێڵەکانی
بازرگانیو گواستنەوەی جیهانی لەمەرجە بنەڕەتییەکانی گەشەی ئابورییەو پێویستە ڕێڕەوە
دەریاییە گرنگەکانی وەک گەروی هورمزو بابولمهندهب بەتەواوی بەکراوەییو پارێزراوی
لەبەردەم جوڵەی کەشتییەکاندا بمێننەوە، ئەم لێدوانەش پاش دزەپێکردنی ئەو ڕاپۆرتانە
دێت کە دەڵێن تەلئەبیب پێیوایە، خولی گرژییەکان درێژە دەکێشێتو ترەمپ پاش هەڵبژاردنەکانی
نیوەیی (کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت) بڕیاری کۆتایی لەسەر مەلەفەکە دەدات.
