شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، رێبەری باڵا دەسەڵاتی پێویستی بەحکومەت و شاندی دانوستانەكان داوە تا لەرێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکات، هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لەئەگەری هەر پەلامارێکی سەربازیدا، وەڵامێکی زۆر توندتر لەڕابردویان دەدرێتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرپەرشتیی کۆبونەوەیەکی فراوانی پارێزگاران و سەرۆک شارەوانییەکانی وڵاتەکەی کرد بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەهێزکردنی بژێوی هاوڵاتییان و بەرەنگاربونەوەی تەنگژە ئابورییەکان.
پزیشکیان سەرنجی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەربازبون لەدۆخی جەنگ و ڕایگەیاند، لەجەنگدا هیچ کەسێک قازانج ناکات، بەڵام دوژمنانیش ناتوانن بەجەنگ ئیرادەی خۆیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن و تەسلیممان بکەن، دەشڵێت، لەرێگەی دانوستان و گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین و لەم بارەیەوە موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵا دەسەڵاتی تەواوی بەحکومەت بەخشیوە".
هاوكات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی ئیرنا تیشکی خستە سەر پرۆسەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن و پرسە هەرێمییەکان.
سەبارەت بەدانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتۆن لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ڕاوێژەکان لەرێگەی قەتەرو پاکستانەوە زۆر بەچڕی بەردەوامن و بەدەیان پەیوەندیی تەلەفۆنی و نامە گۆڕدراونەتەوە.
عێراقچی وتیشی،" ئێمە وەک چۆن بۆ بەرگری لەخۆمان لەئامادەباشیی تەواوداین، بەهەمان شێوە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی دیپلۆماسییانەی دادپەروەرانەش ئامادەین، هەموو شتێک بەندە بەلایەنی ئەمریکییەوە کە ئایا عەقڵانییەتی سیاسی بەکاردەهێنن یان وەک جارەکانی پێشوو پەنا بۆ هێرشی سەربازی دەبەن."
هەروەها هۆشداریدا،" ئێمە مەرجەکانی خۆمان بۆ کردنەوەی گەروی هورمز بەڕونی دیاریکردوە، ئەگەر مەرجەکانمان قبوڵ بکرێن، گەروی هورمز دەکرێتەوە و دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە، ئەگەریش ڕەتی بکەنەوە، دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
