شارپرێس:
بەهۆی کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێرەی مۆلیدەی ئەهلی
لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە، زۆربەی خاوەن مۆلیدەکانی پارێزگاکە مانیان
گرتوەو مۆلیدەکانیان کوژاندوەتەوە، بەهۆیەوە لەزۆربەی گەڕەكەکانی شارەکە بەمشەوە خۆپیشاندان
دەستیپێکردوە، (رێبوار تەها)ش جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک فەرمانێکی بەپەلەی لەوبارەیەوە دەرکرد.
نوسینگەی رۆژنامەوانی رێبوار تەها، جێگری یەکەمی
پارێزگاری کەرکوک لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ڕێبوار تەها فەرمانی بە
ڕابیتەی موەلیدە ئەهلییەکان کرد کار بە موەلیدەکانیان بکەن ".
ئەوەشیخستەڕوو، هاوکات رەزامەندی وەزارەتی کارەباشی
وەرگرت، پشکی کەرکوک لە کارەبای نیشتمانی لە 650 مێگاواتەوە
بکرێت بە 800 مێگاوات تا کێشەی موەلیدە ئەهلییەکان
چارەسەر دەکرێت.
ئەم گرفتانەی شارەکە لەکاتێکدا سەریانهەڵدا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر قائیمقامیەتی کەرکوک نرخی هەر ئەمپێرێکی مۆلیدەی ئەهلی بە 18 هەزار دینار دیاریکرد، ئەوەش ناڕەزایەتییەکانی زۆری هاوڵاتییانی شارەکەی لێکەوتەوە، لەژێر فشاری تۆڕەیی خەڵکیش ئەنجومەنی پارێزگا نرخی یەک ئەمپێری بۆ 13 هەزار دینار کەمکردەوە، بەڵام جارێکی دیکە ئەو بڕیارە ناڕەزایەتیی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی لێکەوتەوە.