شارپرێس:
ئەحمەد ساڵح زەرکانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەر
و کاتێکەرە هۆشەکییەکان لە عێراق، ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی وڵات ئۆپەراسیۆنی
هەواڵگریی هاوبەشیان لە 7 وڵاتی عەرەبی و ناوچەیی ئەنجام داوە و نزیکەی 9 تۆن ماددەی
هۆشبەریان دەستبەسەر کردووە.
زەرکانی بۆ ئاژانسی هەواڵیی عێراقی (واع) ئاشکرای کردووە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە پەیوەندیدارەکانی کوەیت، ئێران، سووریا، لوبنان، عەرەبستانی
سعودی، میسر و لیبیا ئەنجام دراون و پشتیان بە زانیاریی وردی هەواڵگریی عێراق بەستووە.
هەروەک ئەوەی ئاشکرا کردووە کە نوێترین ئۆپەراسیۆن لە لیبیا ئەنجام دراوە و
بۆتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 1 ملیۆن و 200 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەر، کە هی تۆڕێکی
تاوانکارییە و لە چادەوە چالاکیی دەکات.
بەپێی وتەکانی، بڕی ماددە هۆشبەرە دەستبەسەرکراوەکان لە دەرەوەی عێراق نزیکەی
9 تۆن بووە و ماددەی کەپتاگۆن، کریستاڵ و چەرسی گرتۆتەوە. هەروەک لە ئۆپەراسیۆنێکی
دیکەدا 20 کیلۆگرام ماریجوانا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ دەستبەسەر کراوە.
زەرکانی جەختی کردۆتەوە کە ئەم سەرکەوتنانە پێشکەوتنی توانای هەواڵگریی عێراق
و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی نیشان دەدەن. هەروەک ئاماژەی بەوە دا کە نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ڤییەننا لە ئەزموونی عێراقی لێکۆڵیوەتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی